قادر لوتفیانی ( ئازا)
كه‌ریم سۆفیمهولوودی
شه‌وی هه‌شتی بانه‌مه‌ڕ قادر لوتفیانی به ناز ناوی "ئازا" و "نه‌دار" كۆچی دوایی كرد ...
له ته‌نیایی وه‌ڕه‌ز بووم و به‌ته‌نیا هه‌ر به بیری تۆم
به عیشقی تۆ وه‌فادارم،به دڵخوازی ئه‌سیری تـــــــۆم
چ خۆشه گه‌شت و سه‌یرانی به‌هاری جوانی دڵـــداری
له ئه‌وجی ده‌وڵه‌مه‌ندی دڵ گوڵم ته‌نیا فه‌قیری تـۆم
"ئازا"
بۆ منی تاسه بار و به دایم تاسه‌مه‌ند گرینگ نیه لوتفیانی كه‌ی له دایك بوو؟ كه‌ی مرد؟ به‌ڵام ژیان و چلۆنایه‌تی ژیواری مرۆڤ بۆمن یه‌كجار گرینگه. مێژوو مێژوویه! بۆ خۆپارێزی له بوولێڵ خۆ له باوه‌شی ئه‌م چه‌ن گزینگه داوێین.
شاعیری هه‌ناسه‌سارد و ههناسهناسی كورد قادر لوتفیانی كۆڕی وه‌ستا عه‌زیم له ساڵی 1332ی هه‌تاوی له شاری مه‌هاباد چاوی پشكووتن. هه‌ر له‌م شاره خوێندنی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندی تێپه‌ڕ كرد و دیپڵۆمی زانستی ته‌ربیه‌تی له شاری خۆیه وه‌رگرت. له 1350 وه‌ك مامۆستای قوتابخانه له مه‌هاباد ده‌ست به كار بوو. زۆر جار وه‌ك مامۆستایه‌كی نموونه و سه‌ركه‌وتوو به‌رگه‌ی شانازی وه‌ده‌ست هێنا. لوتفیانی به دایم له هرز و بیری په‌ره‌پێدان به فه‌رهه‌نگی گه‌لی هه‌ناسه‌ساردی كورددابوو، هه‌ر بۆیه ته‌نیا مامۆستایه‌تی قوتابخانه نه‌یتوانی هه‌ستی زوڵاڵ و پاك و خاوێنی ئه‌و هێژایه ساڕ‌ێژ بكا .
لوتفیانی به دوو نازناوی "ئازا" و " نه‌دار" خۆی له باره‌گای شێعر‌و ئه‌ده‌بی كوردی هاویشت و بۆ ڕاماڵینی گرفته‌كانی كۆمه‌ڵی كوردهواری سه‌ركه‌وتووانه قۆڵی هیممه‌تی هه‌ڵماڵی . "ئازا" ئازایانه ده‌ستی به خزمه‌ت كرد و ئاسه‌وارێكی زۆری خوڵقاند‌و له‌م ڕێبازه پیرۆزه دا ده‌ردو كه‌سه‌رێكی زۆری چێشت، تا ئه‌م ڕاده‌یه كه‌له ساڵه‌كانی دوایی ته‌مه‌نی پیرۆزیداله كۆمه‌ڵ تاراو ته‌ریك كه‌وته‌وه و له بوولێڵی خه‌یاڵاتی دا ون بوو .
ئازا ڕۆڵه‌یه‌كی كوردی ئه‌مه‌گناسی سه‌ده‌ی بیست بوو، تاپاڵ و گۆڕه‌شه‌ی دیبوو، تاژان و تاڵانی ده‌ناسی ، په‌ی به جیاوازی تافاو لافاو بردبوو ، ژێردهستیو ئه‌نفال و كیمیاباران و زۆره‌ملی و سووكایه‌تی پێكردن و بێبه‌شی و قڕه‌قڕی قه‌ڵاچۆكردنی بیستبوو. "ئازا" تینی تاویانی گه‌لی بۆ چووبوو، تهوژمێنهرهكانی ده‌ناسی و به تاڵیشكه تۆقاوی گه‌ل زههلهی بڕابوو .
"ئازا" ماخولیای خولیاكانی كۆمه‌ڵێك بوو كه ددان و شهویلكهیان به گرێپووچكه‌ی هاتی نه‌هاتییه‌وه نابوو . ئه‌و داوه‌ی ئازا تێی كه‌وتبوو هه‌ودای داواكانی بوو، ته‌واوی داواكانیشی چه‌ند پیت زیاتر نه‌بوو : " منیش ئینسانم".
"ئازا" هه‌ودای خه‌یاڵاتی له سه‌روای بهیتهكانیدا گرێ ده‌دا و تان و پۆی شێعره‌كانی به گڕ گڕانی بڵێسه‌ی خوێن و خه‌بات ده‌چنی . به وه‌رگێڕانی ئاڕهشی كهمانگیرو نووسینی نامیلكه‌ی "كوردستانی خوێناوی" و " ئه‌سب و نان" و " ئاوه‌زێ " و " بایمهی شیله‌دار" و ده‌یان وهرگێڕدراوو به‌رهه‌م، گه‌لی به‌ربڵاو گه‌لی كوردی عه‌وداڵی ئه‌ڤینی خالیسانهی خۆی كرد. قادری پڕ تانووت عاده‌تی به تانووت و لۆمه گرتبوو، به تهرازووبازانی ئازادی پێده‌كه‌نی، ئه‌م ژیانه تامسارهی له مژه درێژ‌و په‌یتا پهیتاكانی جگاره دا كه وه‌ك هه‌نگاوه‌كانی به‌په‌له‌و دوور و درێژ بوو پڕ له دووكه‌ڵی فه‌رامۆشی دهكردو وه‌ها مژێكی بهدیدێنا كه خۆی تێدا ون دهكردو دیسان له گه‌ڵ تیشكی تاونگازی هه‌تاوی مرۆڤایه‌تی به‌ڵێنی دڵداری ده‌به‌سته‌وه.
هه‌ندێك وایان ده‌زانی كه ئازا لهئاڵقهیهكی بۆش دا ده‌خولێته‌وه، به‌ڵام ههرگیزمن بڕوام به‌و بۆچوونه نیه . دڵی پاكی قادر لوتفیانی ڕۆڵه ئازاكه‌ی كوردستان له شه‌وی هه‌شتی بانه‌مه‌ڕ له لێدان وه‌ستاو ته‌رمی پیرۆزی له " گردی هونه‌رمه‌ندان"ی مه‌هاباد له گه‌ڵ ماته‌مینی خه‌ڵك به خاك ئه‌سپێردرا.
چاوێكی زۆر تیژی نه‌ده‌ویست تا پژانی زامنی بێ زمانی خه‌ڵك ببینێ ، چاوه‌كانی مرۆگه‌لی حازر له سه‌ر مه‌زاری ئه‌م مه‌زنه پیاوه كه ئاوێنه‌ی ڕووحهبهرزهكانیانه! خه‌ڵك به زمانی بێ زمانی ده‌یانگوت : هــۆ ئه‌دیبان! ئێمه له كۆمه‌ڵی كوردهواری دا ده‌ژین، كه‌سایه‌تێكی دیاری كراوی خۆمان هه‌یه، چاكه‌و خراپه‌مان له‌بیر ناچته‌وه، ئێمه پڕ له سۆزیارین، ئه‌و تاقمه‌ی كه ژێرده‌سته‌یی و ڕه‌نجه‌ڕۆیی و مرۆڤایه‌تی و هه‌ناسه‌ی ئێمه به قه‌ڵه‌م به دنیا ده‌ناسێنن و ناوی كوردبهرجهسته ده‌كه‌نه‌وه كاریگه‌رێتی سه‌یریان له ژیانی ئێمه‌دا هه‌یه و بۆ هه‌تایه ناویان ناكووژێتهوه و نازناویان له مل متمانه‌یه‌كی به‌هێزی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌كرێ تا وه‌ك ئه‌ڵماسێك له شهوهیلی ئهنگوستهچاومان بدرهوشێنهوهو ڕێبازیان ڕێگه‌ی ئێمه‌یه . ئه‌وان بۆ ئێمه ده‌ژین و به‌ڵێن ئێمه‌ش بۆ ئه‌وان ده‌مرین.....
ناخوازێ پهكوو خه‌وی ئه‌وی زهلــــكاوه
هێدی له ده‌روونی ده‌شتی ئه‌و ڕاكشاوه
ده‌ریام و زرێ چ باكــی وا بـــا هـــــــۆزه
به درێژی ته‌مه‌ن زرێ خه‌وی ئاڵــــــۆزه
سه‌رچاوه : گۆڤاری مه‌هاباد، ژماره 38